نەخۆشى شەکرە چیە و نیشانەکانى


ئا :ئیسرا ڕزگار 

نەخۆشى شەکرە چیە و بارودۆخى نەخۆش لەکاتى تووش بوون بەم نەخۆشیە،بۆ گفتوگۆ کردنى زیاتر دەربارەى ئەم نەخۆشیە (دێرین احمد خدر )ماستەر لە زانستى پەرستارى بۆ ماڵپەرى تەندروستى پێشمەرگە ووتى:

تەندروستى پێشمەرگە:نەخۆشى شەکرە جییە ؟
دێرین احمد خدر: نەخۆشى شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان ،کە بەوە دەناسرێت رێژەى  شەکرە خوێن  بەرزتر بێت لە رێژەى سروشتى بۆ ماوەیەکى درێژخایەن بەهۆى گیروگرفت  لە زیندە چالاکیەکان .
هۆرمۆنى  ئینسۆلین ،بریتیە لەو  هۆرمۆنەى کە لە خانەکانى (بێتا)ى پەنکریاسەوە دەردەدرێت ئەم هۆرمۆنە کارى ڕێکخستنى زیندەپاڵ (میتابۆلیزم)ى  خۆراک لەناو لەشى مرۆڤدا دەکات و ئاستى  سروشتى  وهاوسەنگى  ڕیژەى  شەکر و چەورى  لە ناو خوێندا  ڕادەگرێت.خانەکانى لەش پێویستى بە گلوکۆز (شەکر)هەیە بۆ دروست کردنى ئەو هێندە  ووزەیەى  کە ڕۆژانە لەشمان  پێویستى  پێیەتى بۆ ڕاپەڕاندنى  کارەکانمان ،ئەو خواردنەى کە ڕۆژانە دەیخۆین  لە پاش هەرس کردنى ئەگۆڕێت بۆ گلوکۆز (شەکر )، گلوکۆز  دەچێتە خوێنەوە تاوەکو بە هۆیەوە بگات بەهەموو خانە جیاوازەکانى لەش، خانەکانى لەش پێویستیان  بە هۆرمۆنى ئینسۆلین  هەیە کە  ڕژێنى  پەنکریاس بەرهەمـــى دێـــنێت بـــۆ ئەوەى گلوگۆز لە خوێنەوە بگوازرێتەوە بۆ خانەکان، هۆرمۆنى ئینسۆلین وەکو کلیلێک وایە کە دەرگاى دیوارى خانەکان ئەکاتەوە بۆ چوونە ژوورەوەى گلوکۆز، لەکاتى نەبوونى ئینسۆلین بەبڕى پێویست یان وەڵام نەدانەوەى خانەکان بۆ ئەوبڕە پێویستەى کە هەیە،لەم کاتەدا گلوکۆز  ناتوانێت برَوات بۆ خانەکان .لێرەشەوە ،گلوکۆز بە ڕێژەیەکى  زۆر  لەناو خوێندا  دەمێنێتەوە ، بەم بارەش  دەوترێ بەرزبوونەوەى شەکر  لە خوێندا (هایپەر گلایسیمیا )

تەندروستى پێشمەرگە:نیشانەکانى نەخۆشى شەکرە چین؟ 
دێرین احمد خدر: تەنها هەندێک لە نەخۆشەکان لەم نیشانانەیان هەیە (زۆربەى نەخۆشەکان  ئەم نیشانانەیان تیا بەدەر ناکەوێت):
1-هەست کردن بە تینوێتى  و ووشک بوونى ناو پۆشى دەم .
2-هەست کردن بە برسێتى .
3-میز کردنى  بەردەوام بە تایبەت لە شەواندا .
4-دابەزینى کێشى لەش لە جۆرى یەکەم لە دیارترین نیشانەکانى ئەم جۆرەیە .
5-درەنک چاک بونەوەى  برین .
6-تووش بوون  بە حەساسیەتى  پێست و هەوکردنى  کۆئەندامى  زاووزێ بەتایبەت هەوکردنى بە کەڕوو ، تێک چوونى ددان و زوو هەو کردنى  پووک .
7-بەرچاو تاریک بوون (لێل بینین).
8-سڕبوونى پییەکان و هەست کردن بەسوتانەوەى پێیەکان.
9- بێ هێزى و لاوازبوون ، هەست کردن بە ماندووبوون بەشێوەیەکى بەردەوام.

تەندروستى پێشمەرگە: جۆرەکانى  نەخۆشى شەکرە  و چەند جۆرى هەیە؟ 
دێرین احمد خدر:
1-جۆرى یەکەم:
ئەم جۆرەیان زیاتر لە منداڵ و گەنج دا ڕوودەدات لە خوار تەمەنى 30 ساڵییەوە بە ڕیژەى (5-10)%تووش بووان دەگرێتەوە، بۆ چارەسەرى زیاتر دەرزى  ئینسۆلین  بەکاردێنن (لەم جۆرەدا پەنکریاس بەشێوەیەکى دروست ئەنسۆلین ناڕژێت  یان وەستاوە لە  ڕشتنى ).
2-جـــــۆرى دووەم :
ئەم جۆرەیان زیاتر لە سەروو تەمەنى 40 ساڵى  یەوە ڕوودەدەات  بە ڕێژەى  (95-90)%تووشبووان  دەگرێتەوە لەم جۆرەدا پەنکریاس ئینسۆلین دەڕێژێت بەڵام لەش  ناتوانێت بە شێوەیەکى دروست  سوودى  لێ وەریگرێت . ئەم جۆرەیان  دەتوانرێت بە شێوەیەکى  گونجاو کۆنترۆڵ بکرێت  لە ڕێگەى بەرنامەى (خواردن ،وەرزش ، چارەسەرى گونجاو بەشێوەى دەرزى  ئینسۆلین  یان حەب  یان دەرزى  ئینسۆلین +حەب).
3-شەکرلە ئافرەتى  دووگیانیدا :
بۆ کۆنتڕوڵکردنى  ئەم جۆرەیان  بەرنامەى  خۆراک وەرزش کردنى تایبەت ،پاشان ئەگەر چارەسەر نەکرا نەخۆش  دەرزى ئینسۆلین بەکاردێنێت ، زۆر کات لە دواى لە دایک بوونى  منداڵەکە  نەخۆشیەکە نامێنێ بەڵام  لە (60-40)%ئەو دایکانە ، ئەگەرى ئەوەیان  هەیە لە داهاتوودا جارێکى تر تووشى ئەم نەخۆشیە ببنەوە لە دواى (5-10) ساڵى تر لە جۆرى دووەمى شەکرە .



AM:10:53:14/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 417 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌