قۆناغەکانى گەشەى منداڵ



ئا: ئیسرا رزگار 

منداڵ هەتا گەورەبوونى تەمەنى بە چەندین قۆناغى گۆرانکارى  تێپەر دەبێت، هەر لە گەڵ دەستپێکى قۆناغێکى نوێ لەو منداڵەدا چەندین گۆرانکارى  تێیدا روو دەدات و زۆر جار دایک و باوک وا تێ دەگەن کە منداڵەکەیان نەخۆشە و بى ئاگان لە گۆرانکاریەکان، بە مەبەستى ئاشنا بوون بە قۆناغەکانى گەشەى منداڵ د.ئاسۆ فائق ساڵح پسپۆڕى نەخۆشیەکانى  منداڵان، بۆ ماڵپەرى تەندروستى پێشمەرگە باس لە گۆرانکاریەکان دەکات و دەڵێت"
گەشەى منداڵ لە یەکەم رۆژى تەمەنییەوە  دەست پێ دەکات رۆژ لە دواى رۆژ هەستى پێ دەکرێت، گەرچى گەشەکردن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر جیاوازە ئەمەش بەپى خودى  منداڵەکە و چۆنێەتى گرنگى پێدان ومامەڵەکردن لەگەلیدا دەگۆرێت، قۆناغەکانى  گەشەکردن بریتین لە تەمەنە جیاوازەکان، لە تەمەنى دوو  مانگیدا منداڵ دەست دەکات بە  زەردەخەنەو لە تەمەنى چوار مانگى پێدەکەنێ وهەروەها دانیشتن لە  کوتایى چوار تا حەوت مانگى یەوە بە پێى گەشەى  منداڵەکە دەگۆرێت، لە پێنج مانگیدا منداڵ دەتوانێت ڕەنگەکان جیا بکاتەوە، لەتەمەنى چوار بۆ شەش مانگى خواردنى پێ دەدرێت سەرەتا  لەئاوى میوە دەست پێدەکرێت بەرێژەیەکى کەم بەڵام میوە ترشەکان نابێت بدرێت بە کۆرپەڵە وەک ئاوى پرتەقاڵ ولالەنگى، باشتر وایە شۆرباى برنج و گوێزەر و مەعدەنوس وپەتاتە کەلە تێکەڵکەر دەدرێت، لەدواى 8 مانگى ئەتوانى ئاوى گۆشت تێکەڵ بە شۆرباکە بکەیت، ددان هاتنى منداڵ لە شەش بۆ یەک ساڵ و قسەکردن لە دوانزە مانگى  لەتەمەنى نۆ مانگیدا گاگۆڵکێ دەکات ودواتریش تا  دوانزە مانگى پێدەگرێت .

د.ئاسۆ فائق ساڵح تایبەت بە قۆناغى قسەکردنى منداڵ ووتی: قۆناغى قسەکردن لە تەمەنى (1بۆ 3) ساڵى دەست پێدەکات،  لەوتەمەنەدا  منداڵ بەتەواوى فێرى قسەکردن دەبێت و هەوڵى ئەوە دەدات ئاشنا بێت بەدوروبەرەى و کەسایەتى خۆى دروست بکات وهەوڵ دەدات لاساى هەڵسوکەوتى گەورەکان بکاتەوە، لەم تەمەندا  پێویستە منداڵ فێرى  ووشەى (نەخیر) ببێت و وەڵامى هەموو داواکاریەکى منداڵ نابێت بە بەڵێ بێت ، تەمەنى پێش قوتابخانە (4-6) سالێ، منداڵ ددانى شیرى دەکەوێت وددانى هەمیشەى دێت وپێویستە منداڵ پشت بەخوێ ببەستێت بەرپرسیاریەتى هەندێ شت هەڵگرێت .

ئەم پزیشکى پسپۆرى منداڵانە باسى لەوەشکرد "گەشەکردن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى تر  جیاوازە،  پێویستى بە چاودێرى هەیە و دەبێت هەموو کوتانەکانى لە کاتى خۆیدا بۆ بکرێت " 
  د. ئاسۆ ئاماژە بەوە شکرد کە هەموو منداڵێک پێویستى بە  فیتامین(D3)هەیە کە لە رَێگەى قەترە پیبدرێت ،ئەگەر منداڵێک شیرى دایک بخوات ئەوە پێویستى بە خواردنى فیتامین (D3) دەبێت لەبەر ئەوەى شیرى دایک ئەم جۆرە فیتامینەى تێدا نییە، بەڵام ئەگەر شیرى قوتوو بخوات ئەوە پێویستى پێ نیە .هەروەها باشتر وایە  ئەو خواردنانەى کە ڕۆژانە  دەدرێت  بە منداڵ خواردنى ئامادەکراوى ماڵەوە بێت و هەموو خواردنە لەقوتوونراوەکان  وەک چبس وخواردنەوە گازیەکان خراپن چونکە مادەى هەڵگرتنى تێدایە کە زەرەریان هەیە بۆ گەشەى منداڵ  وکێشە بۆ ددانەکانیان دروست دەکات لە ساڵى یەکەمى تەمەنیدا.


PM:12:03:30/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 25 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌