هۆکارەکانى زیادبوونى کێش و چەورى لەش


ئا. شەیما

زیادبوونى کێش و کۆبوونەوەى چەورى  یەکێکە لەکێشەباوەکان لە جیهاندا کە کاریگەرى خراپ لەسەر دەروون و جەستەى مرۆڤ دروست دەکات، قەڵەوى و کۆبوونەوەى چەورى تەندروست نییە و یەکێکە لە هۆکارەکانى تووش بوون بە نەخۆشییەمەترسیدارەکانى وەک شەکرە ونەخۆشى دڵ و دەمارەکان و شێرپەنجە، خواردنى ناتەندروست و کەمى جوڵەو وەرزش نەکردن بە هۆکارە سەرەکیەکانى زیادبوونى کێش دادەنرێت.

کاشان علا ْالدین بایز مامۆستاى بەشى زانستى خۆراک و خۆراکى مرۆڤ بۆ ماڵپەڕى تەندروستى پێشمەرگە، باس لە هۆکارەکانى زیادبوونى کێش و چەورى لەش دەکات و دەڵێت:
کێشی زیادو قەڵەوی بریتیە لە کۆبونەوەی چەوری بە شێوەیەکی زیاد یان ناڕێک کە بەشێوەیەکى بەرچاو زیانى تەندروستى دروست دەکات، بۆ دیاریکردنى ڕێژەى قەڵەوى یاخود زیادبوونى کێش دەتوانین لە ڕێگەى     Body Mass Index (BMI) ەوە بێت کە بریتى یە لە کێشى کەسێک بە کیلۆگرام دابەشى بەرزیەکەى دووجا، کە باوترین و بناغەترین ڕێگەیە.لەم ڕێیەوە ئەوکەسە بەقەڵەو دادەنرێت ئەگەر ئەنجامەکە (30) و بەرەو سەرەوە بێت، کێشى ئەو کەسە بە ئاسایى دادەنرێت ئەگەر ئەنجامەکە (25-18)  بوو، ئەنجامى (25-30) بوو واتە ئەوکەسە کێشى زیادە (WHO).

کێشى زیادو قەڵەوى هۆکارە بۆ توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانى وەکو شەکرەو نەخۆشى دڵ ودەمارەکان و شێرپەنجە، بەشێوەکى گشتى حاڵەتەکانى زیادبوونى کێش نەک تەنها لە ووڵاتە دەوڵەمەندەکاندا بەڵکو لە ئێستادا لە ووڵاتە مام ناوەند و هەژارەکانیشدا سەرى هەڵداوە.

هۆکارەکانى قەڵەوى بریتین لە:-
1-بۆماوەیى
ئەم هۆکارە پەیوەندى زۆرى  بەزیادبوونى کێشەوە هەیەلەو کاتەوەى هەندێک جین (بۆهێڵ) لە لەشدا هەیەدەبێتە هۆى ڕێکخستنى ئەو فەرمانانەى کە لە مێشکەوە دەردەدرێن لە بارەى خواردنى خۆراکەوە واتە ئەوکەسە تاچەند برسیەتى لەکاتى تێکچوونى ئەو بۆهێڵانە هاوسەنگى وەرگرتنى خۆراک تێکدەچێت و ئەوکەسە لەوانەیە زۆر خۆرى بکات لە ژەمەکاندا ، ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆى زیادبوونى کێش و قەڵەوى. 
2-  شێوەى گوزەران و ژیانى خێزانەکان
واتە خێزانەکان تاچەند زانیارى یان هەیە لەسەرئەوەى کە چ جۆرە خواردنێک هەڵدەبژێرن و وەبەبڕى چەند و لە چ کاتێکدا دەیخۆن، بۆنموونە ئەگەر لە خێزانێکدا (دایک و باوک ) قەڵەوبن ئەوا ئەگەرى زۆرى هەیە لە منداڵەکانیان دا قەڵەو هەبێت ئەمەش لەبەرئەوەى یەک بڕو یەک جۆر خواردن دەخۆن (لەسەر سفرە هەمان شت بەبەشدارى دەخۆن).
3- نەجوڵان بەپێ ى پێویست و وەرزش نەکردن 
خواردن و خواردنەوە لەگەڵ زیادبوونى کێش و قەڵەوى ڕاستەوانە دەگۆڕێت واتە بڕى ئەو خواردن و خواردنەوانەى کە دەخورێت کاردەکاتە سەر کێشى لەش،بە واتایەکى تر ئەو بڕى ووزەیەى وەردەگیرێت پێویستە بەکاربهێنرێتەوە لە ڕێگەی چالاکیەکانى لەش و جوڵەو وەرزش کردنەوە ئەگەرنا دەبێتە هۆى زیادبوونى کێش ئەوەش پێ ى دەوترێ هاوسەنگى ووزە.
4- خواردنە ناتەندروستەکان
خواردن و خواردنەوەى ئەو خۆراکانەى کە ووزەیەکى زۆریان تێدایە دەبێتە هۆى زیادبوونى کێشى لەش واتە هاوسەنگى ووزە تێکدەچێت بەهۆى ئەوەى لەش وزەیەکى زۆر زیاد لە پێویست وەردەگرێ بەبێ ئەوەى بسوتێت نموونەى ئەو خواردنانەش: خواردنە خێراکان هەروەها خواردنەوە غازیەکان.
5- خواردنى دەرمان
هەندێک دەرمان کاتێک نەخۆش بەکاریدەهێنێت دەبێتە هۆى زیادبوونى کێش بەهۆى شێوەى ئیشکردنى ئەو دەرمانە لەلەشدا وەک دەرمانە هێورکەرەوەکان.
6- لایەنى کۆمەڵایەتى و ئابورى
دۆزینەوەکان دەریان خستووە ئەگەر یەکێک لەو شوێنانەدا بژى کەهەژارن واتە نەبوونى شوێنى وەرزش و نەبوونى زانیارى بۆ ئامادەکردنى خۆراک بەشێوەیەکى تەندروست  و نەبوونى داهاتێکى باش وادەکات ئەو خواردنانە بخورێت کەهەرزانن یان بەشێوەیەکى تەندروست ئامادەناکرێت ئەمەش دەبێە هۆى زیادبوونى کێش و قەڵەوى.
7- چەند هۆکارێکى تر کەلەوانەیە کاریگەرى یان هەبێت لەسەر زیادبوونى کێش بریتین لە تەمەن، دووگیان بوون ، کەم خەوى.
 دەربارەى کەمکردنەوە و خۆپاراستن لە زیادبوونى کێش و چەورى لەش مامۆستا کاشان ووتى :
 بە دووڕێگەى ئاسان بەڵام گرنگ دەتوانرێت ڕێگە لە زیادبوونى کێش و قەڵەوى بگیرێت  ئەوانیش بریتیین لە:
1- گرنگى دان بەدانانى بەرنامەیەکى خۆراکى تەندروست
 بە شێوەیەکى گشتى دەبێت ئەو خواردنانە زۆر بخورێت کە پرۆتین و چەوریە باشەکان و ڕیشاڵە خۆراکیەکان و ڤیتامین و کانزاکانى زۆر تێدایە ، وە ئەو خواردنانە کەم بکرێتەوە کە کاربۆهیدراتى بەرزە. ئەو خواردنانەى ڕێژەى وزەیان زۆر تێدایە وەک خورادنە خێراکان وشیرینى کەم بکرێتەوە و خواردنەوەى کحول و جگەرە کێشان بە بڕێکى زۆرکەم یاخود هەرنەخورێت باشترە.

2-وەرزش کردن 
هەموو کەسێک پێویستە بەشێوەیەکى بەردەوام ڕۆژانە یاخود چەند ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا وەرزش بکات بۆ ئەوەى پێویستى (150- 300) دەقە لەوەرزشکردنى مام ناوەند پڕبکاتەوە لە هەفتەیەکدا، ئەم ڕێژەیە دانراوە وەکو ستاندارد بۆ کەسێک تاوەکو لەش و ژیانێکی تەندروستى هەبێت خۆ ئەگەر وەرزش کردن لەوە زیاتر بوو ئەواباشترە وە ئەو دوڕێگەیەى باسمان کرد پێویستە کەسەکە بەردەوام بێت لەسەرى واتە نابێت بۆماوەیەک پەیڕەوى بکات و دواتر وازى لێبهێنێت چونکە دەرئەنجامى ئەو دوو ڕێگەیە بەماوەیەکى درێژ هەستى پێدەکرێت و دەرئەنجامى دەبێت. 



AM:10:53:04/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 558 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌