ڕەنگدانەوەى دایک

بەبیرم دێت باجى شیرین، ئەو ژنەى لەکۆنەوە دەیناسم، کاتى ئیمتحانى منداڵەکانى کتیب و نامێلکەى زۆرى کۆ دەکردەوە و لە بەرچاوى ئەوان دەستى دەکرد بە خوێندنەوە، دەیوت لەجیاتى ئەوەى پێیان بلیم سەرقالى خوێندنى وانەکانتان بن، بە کردەوە پێیان دەلێم ، من خۆم دەخوێنمەوە ئەوانیش چاو لە من دەکەن، ئێستا دەزانم کە قسەکانى زۆر راست بوون، زۆرجار گەر دایک لەجیاتى قسەکردنى بەردەوام و ئامۆژگارى کردن گەر بە رۆڵ نواندن و تێگەیاندن کار لەسەر جگەر گۆشەکانى بکات گاریگەرى زیاتر دەبێت، لە ئێستادا کە دنیاى خێرایى و پێشکەوتن واى کردووە کە زۆرینەمان کاتەکانمان بە مۆبایل و ئەنتەرنێت بەرێ دەکەین، گلەیى ئەوەش دەکەین کە رۆڵەکانمان بەردەوام سەرقاڵى بەکارهێنانى ئایپاد و مۆبایل و ئیکس بۆکس و... دەبن، ڕەنگە تا رادەیەکى زۆر هەڵەکە لە خۆماندا بێت وەک دایک و باوک کە سەرچاوەى فیربوونیانین، دایک و باوکێک کە زۆربەى کات بە ئەنتەرنێت و مۆبایڵەوە سەرقاڵ دەبێت چۆن  گلەیى و گازندەیان هەیە بەرامبەر منداڵەکانیان کە کاتەکانیان بەوە بەرێ دەکەن.
 من وەک دایکێک پێم وایە کە دایک بوون ئاسان نییە و پێویستى بە زۆرشتە کە دایک لە خۆیدا کۆى بکاتەوە بۆ ئەوەى رەنگدانەوەى هەبێت لەسەر منداڵەکەى و هێندەى بە قسەکردن ئامۆژگارى بکات بە کردەوە بێت سوودى زیاتر دەبێت.
لەم دوایانەدا بڵاوکرایەوە کە قورسترین ئیش کە دەستنیشانکرا بۆ  ئەمساڵ ئیشى ماڵدارییە، چونکە ژنى ماڵ  (24) کاتژمێر ئێشکگر و بێ مووچەیە، جگە لەمە پەروەردە کردنى منداڵ و پاک و خاوێنکردنى ناو ماڵ و خوان ئامادە کردن و زۆر شتى دیکە، هەتاوەکو  بنوسم شتى دیکەم بەبیر دەخاتەوە، جا ئەگەر خانمێک  دایک بیت و لە دەرەوەى مالیش کار بکات، هونەرە کە بتوانێت ئەم هەموو رۆڵە بگێریت و لە یەک کاتدا دایک بێت ولەهەمان کاتدا ژنى ماڵەوەش بێت و هاوشانى پیاوان لە دەرەوەى مالیش ئیش بکەیت و بەرپرسیاریەتى مال و منداڵیش هەڵبگرێت، هەر بۆیە گەر پلانێک نەبێت بۆ ژیانى رۆژانە رەنگە ئاستەم بێت.

AM:09:31:02/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌