ماڵئاوا هەڵگیرسێنەرى شۆرشى یەکسانى

بورهان عەلى زەنگەنە
کۆچى دوایى سەرکردە و رابەرى کوردایەتى سۆمبۆلى ئاشتى و پێکەوە ژیان تەنیا خەسارەت نەبوو بۆ کورد، ئێمە وەک دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و نەخۆشخانەکانى شۆرش نەک سەرکردە و رێ نیشاندەرى کوردمان لەدەستدا بەڵکو خەمخۆرى دەزگاکەشمان لەدەستدا، بەرێز مام جلال وەک دامەزرێنەرى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگە ونەخۆشخانەکانى شۆرش هەمیشە لەخەمى کەس و کارى شەهیدان و پێشمەرگەدا بوو، ئەو دەیویست نەخۆشخانەیەک دابمەزرێنت، لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستاندا لقى هەبێت و خۆشبختانە بۆشى چووە سەر و ئێستاش شۆرش وەک نەخۆشخانەى مام یەکێکە لەشانازییەکانى بیرۆکە و کارەکانى مام.
مام هەردەم بەکردارو بەوتەکانى یەک رەنگ بووە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو کەسانەى خوێندکارى قوتابخانە و رێبازەکەى مام جلالن، دەبێت پارێزەرى راستەقینەى رێبازەکەى مام بن و لە واقیعدا پراکتیزەى ووتەکانیان بکەین، سەرۆک هەموو کات راستگۆیانە ئیبرازى ناخ و باوەرەکانى خۆى کردووە و ئێمەش دەبێت ئەو جەسوری و متمانە بەخۆبوونەمان لەرابەرێکى وەک مام سەرچاوە بگرێت، ئەمەش بەمەبەستى گەیاندنى پەیامە راستەقینەکان.
گرنگى رۆڵى مام جلال تەنیا لە کورد و عیراق و پێکهاتەکانىدیکە خۆى نابینێتەوە ، بەڵکو کەسایەتى سیاسى وڵاتان و زۆرینەى ناودارەکان باسى رۆڵى مام جلال دەکەن لە ناوچەکەدا، وەک چەنگیزچاندار نووسەرى بەناوبانگى تورکیا لە وتارێکدا لەسەر کاریگەرى تاڵەبانى لەسەر سیاسەتى عیراق و ناوچەکە دەلێت: لەم تابلۆ تێکەڵ و ئاڵۆزەى  عێراقدا، نەبوونى تاڵەبانى پیاوى دەگمەنى هاوسەنگییەکان لەمەیدانەکەدا، گرفت بۆ هەموو ئەو  ناوچە و وڵاتانە زیاتر دەکاتکە بەدواى سەقامگیرى ناوچەکەدا دەگەرێن.


AM:11:56:25/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 171 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌