وەک هەمیشە هەموو ڕێگاکان بەرەو دەزگای تەندروستی..


هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان کەوابڕیارە لە ٣٠ ئەیلولی ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت ، هەموو هێزە سیاسیەکان لەهەوڵی خۆسازداندان بۆ ئەم پرۆسەیە ، لەم چوارچێوەیەشدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک هێزێکی شۆڕشگێرو درێژەپێدەری خەباتی ڕزگاری خوازی گەلی کورد ، لەوپەڕی ورەبەرزیی وبڕوای تەواوی بە جەماوەرەکەی ، سازو ئامادەیە بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەم پڕۆسە دیموکراسییەی کەبەشێکی گرنگە لەئامانجی سیاسی ئەم هێزە .
وەک چۆن لەڕابردودا یەکێتی هێزی ‌‌‌‌‌حوکمڕانی ئەم نیشتیمانە بووە ، وە بەرپرسیارە بەرامبەر باش وخراپی ئەوکارانەی لە حوکمڕانی دا بە ئەنجامی گەیاندووە، هیچ کات خۆی لەبەرپرسیارییەتی لانەداوە وهەموو بەرپرسیارییەتێکی لە ئەستۆگرتووە.
ئەوا جارێکی دیکە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلول کارەکتەری سەرەکی پێکهێنانی حکومەت وحوکمڕانی ئەم وڵاتە دەبێت.
ئەوەی لەلای من گرنگە ئەوەیە کە ڕۆڵی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بەدرێژای مێژووی حوکمڕانی لەکەرتی تەندروستی دا ، کاریگەرو بەرچاوبووە بەجۆرێک لە دەزگای تەندروستی یەوە کارەکتەری وەزیروبەرێوبەری گشتی وچەندین پلە وپۆستی بەڕێوەبردن لەهەناوی ئەم دەزگاییەوە بەرهەم هاتووە وبەرپرسیارییەتی هەموو هەڵەو کەم وکوڕیەکی هەڵگرتووە لەڕابردوودا.
ئەگەر چاوێک بەڕابردووی کەرتی تەندروستییدا بخشێنیین ، دەبینین  سەرەڕای پەیڕەوکردنی سیستمێکی تەندروستی کۆن کەزیاتر لەنیوو سەدەیە گۆڕانکاری ڕیشەیی تێدانەکراوە ، هەوڵدراوە ئاوێتەی کاری نوێی پزیشکی بکرێت ، هەرچەندە گۆڕانکاری تێیدا بابەتێکی فراوان وگشتگیرە وپێویستی بە چەند ڕێکاری جیاواز هەیە.
دەزگای تەندروستی بەردەوام کاریگەری هەبووە لە دیاریکردنی کەسی لێهاتوو بۆ ڕۆڵبینین لە فەرمانگە حکومییەکان وەزارەتی تەندروستی.
سەرەتای ئەم مێژوە لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە یەکەم وەزیری تەندروستی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە بەڕێوبەری گشتی دەزگای تەندروستی ، کەئەوکات بەڕێوبەراییەتی نەخۆشخانەکانی شۆڕش بوو ، کە د.محمد خۆشناو وەک وەزیری تەندروستیی وسەرپەرشتیاری گشتی نەخۆشخانەکانی شۆڕش بوو.
لەپاش ئەو د.زریان بەهەمان شێووە لە پۆستی وەزیری تەندروستی دانرا کەیەکێک بووە لە پزیشکە دێرینەکانی نەخۆشخانەکانی شۆڕش لە شاخ .
د.ڕێکەوت کەتا ئێستا دەست بەکارەلەپۆستی وەزیری تەندروستی دا، بەڕێوبەری گشتی وسەرۆکی دەزگای تەندروستی بووە لە پێشتردا.
لەچاوەڕوانی ئەوەداین لە پێکهێنانی ئەمجارەی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ودانانی پۆستی وەزیری تەندروستی ، سوودلەتواناو ئەزموونی بەڕێوبەرانی ئێستای دەزگای تەندروستی ببینرێت ، کەتوانیویانە لەماوەی کاری خۆیاندا بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاری گرنگ وکاریگەر بەئەنجام بگەییەنن لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتری تەندروستی ، لەئاست بەرپرسیاریەتی ومتمانەی جەنابی (مام جلال )دابوون ،کەهەمووکات جەنابیان دەیانگووت نەخۆشخانەکانی شۆڕش نەخۆشخانەی منەو دەبێت لەخزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندابێت بەبێ جیاوازی.
هەرئەم متمانەییە دەمانگەییەنێتە ئەوبڕواییەی کەدەبێت لەئامادەکاریدابین بۆ بەئەنجام گەیاندنی بەرپرسیارییەتی گەورەترو درێژەپێدەری کاری ناوازەبین.
کەواییە دەزگای تەندروستی سەرەتای ڕێگاییە بۆ بەرپرسیارییەتی زیاترو خزمەتی زیاتر.

AM:11:16:06/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 158 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌